چینی کرێکار له سه‌رتاسه‌ری جیهان ده‌چێته پێشوازی رۆژی کرێکار، بۆ ئه‌وه‌ی به راگه‌یاندنی هاوپشتی چینایه‌تی خۆی به سه‌رمایه‌دارانی رابگه‌یه‌نێت که خه‌بات هێشتا به‌رده‌وامه. کرێکاران له‌م رۆژه‌دا له زۆربه‌ی ناوچه‌کانی جیهان نه‌ک هه‌ر به‌رگری له مافه ئینسانیه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن، به‌ڵکو له سه‌ر ئاواته به‌رزه‌کانیان له پێناو بونیادنانی جیهانێکی بێ سته‌م و چه‌وسانه‌وه پێداگری ده‌که‌ن. له‌م رۆژگاره‌دا له خۆرهه‌ڵاته‌وه – که به هۆی فراوان بوونی کاری هه‌رزان سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌گه‌ڵ گه‌شه‌یه‌کی رێژه‌یی، به‌ڵام له‌نیهایه‌تدا رووبه‌ڕووی قه‌یرانی نوێی کردوه‌ته‌وه -، تا خۆرئاوا – که وۆڵ‌ستریت له دڵی سه‌رمایه‌داری جیهانیدا قۆناغێکی نوێی هه‌ره‌سهێنانی وه‌ها سیستمێکی ئه‌زمون کرد – جارێکی تر ئاڵا سووره‌کانیان شه‌کانده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌موان بڵێن که رۆژی کرێکار نه‌ک هه‌ر رۆژی نوێ کردنه‌وه‌ی به‌ڵێنی بۆ به‌رده‌وامی خه‌باتێکی مێژووییه، به‌ڵکو مژده‌به‌خشی داهاتوویه‌کی رووناک تریشه.
به‌ڵام هه‌ر کرێکارێکی وشیاریش ده‌زانێت که به‌رده‌وامی خه‌بات، هیچ کات به مانای تێپه‌ڕینی ئاسان له کۆسپه‌کانی سه‌ر رێگا نه‌بووه و نابێتیش. قه‌یرانه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری ئه‌گه‌ر چی به‌رده‌وامن و هه‌رجاره ناکۆکیه‌کانی وه‌ها سیستمێک زیاتر له جاران ئاشکرا ده‌کات، له به‌رامبه‌ریشیدا ویستی عه‌داڵه‌تخوازی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ک هه‌ر کۆتایی نه‌هاتووه، به‌ڵکو رۆشنتر له جاران هاوار ده‌کرێت، به‌ڵام چینی کرێکار هێشتا له حاڵه‌تی به‌رگریدایه و تێپه‌ڕبوونیشی ئیراده‌گه‌رایانه نییه. مه‌سه‌له ته‌نها شکسته‌کان نییه، چونکه ده‌سکه‌وتێکی زۆریش له‌م مێژووه‌دا ده‌سته‌به‌ر بووه، له‌هه‌مان کاتدا مه‌سه‌له له سه‌ر ناکۆکی و جیاوازیه بێ ئه‌ژماره‌کانیشه که له ناخی وه‌ها سیستمێکدا هه‌ر جاره به جۆرێك سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و مرۆڤی ئه‌مڕۆیی سه‌رقاڵ ده‌که‌ن و ناچاریان ده‌که‌ن به تێپه‌ڕین له قوژبنه تاریکه‌کاندا.
له ساڵی رابردوودا هه‌ندێک له وڵاتانی خۆرئاوا توانیان به به‌کارهێنانی گیرفانی خه‌ڵک پشتیوانی دارایی له بانکه‌کان و هه‌روه‌ها جێگیرکردنی رێسا و چوارچێوه‌یه‌کی نوێ تا راده‌یه‌ک ده‌ره‌نجامه رووخێنه‌ره‌کانی قه‌یرانه‌که‌ی ئه‌مدوایانه‌یان کونترۆڵ بكه‌ن ، به‌ڵام قه‌یرانی سه‌رمایه‌داری هه‌روا به‌رده‌وام بوو. له زۆربه‌ی وڵاتان ئێمه شایه‌تی هه‌ره‌سهێنانی ئابوری ده‌وڵه‌ته‌کان بووین. به هۆی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی که زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کان به مه‌به‌ستی کۆتایی هێنان به قه‌یرانه‌کان گرتیانه‌به‌ر نه‌ک هه‌ر که‌لێنی نێوان چینه‌کان به‌رزبوونه‌وه‌یه‌کی سه‌رسوورهێنه‌ری به خۆیه‌وه بینیی، به‌ڵکو ئه‌و پرسه له بواری داراییه‌وه بووه هۆکاری زیادبوونی ململانێییه‌کی زۆریش له یه‌کێتی ئه‌وروپادا. باجه‌کانی به‌رده‌وامی هه‌ره‌سهێنانی ئابوری و قه‌یران له باشووری ئه‌وروپا بۆ چینی کرێکار له‌وانه، چوونه ژێر پرسیارتی به‌رده‌وامی حه‌یاتی یه‌کێتی ئه‌وروپا بووه. ئه‌م قه‌یرانه به کرده‌وه بووه به شمشێری داموکلێسی به سه‌ر کرێکارانی ئه‌وروپاوه بۆ ملدانی زیاتر به مه‌رجه‌کانی سه‌رمایه‌داران له پێناو کۆتایی هێنان به‌و قه‌یرانه.
بارودۆخی گه‌و‌ره‌ترین ئابوری جیهان واتا ئه‌مریکاش هه‌ر به‌و شێوه‌یه. له‌وێیش نه‌ک هه‌ر که‌لێنی چینایه‌تی زیادبووه و ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانیوه له ژێرباری وه‌ها قه‌یرانێک به ته‌واوه‌تی بێته ده‌ره‌وه، به‌ڵکو به هۆی ئه‌و جه‌نگه بێ ئه‌نجامه‌ی که له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رپای کردووه، پله‌ی قه‌رزارترین وڵاتی جیهانی تۆمار کردوه. ده‌وڵه‌تێک که ئیدعای جێگیرکردنی سیستمێکی نوێی له جیهاندا ده‌کرد، ده‌ریخست که له سه‌روساماندانی ناوخۆی خۆشی‌دا قسه‌یه‌کی جیاوازی بۆ وتن نییه. ئاکامه‌کانی قه‌یرانی ئه‌مدوایانه له وڵاتانی دیکه‌ی جیهاندا به تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی که خاوه‌نی ئابوریه‌کی په‌راوێزین له سیستمی جیهانیدا، زۆر خراپتره.
بێ‌کاری ملیۆنی، په‌ره‌سه‌ندنی شه‌پۆلی کۆچی بێ ئاسۆ بۆ دۆزینه‌وه‌ی کار، نه‌بوونی دیموکراسی و نه‌ڕه‌خسانی ده‌رفه‌تی هه‌ر جۆره به‌شداریه‌کی خه‌ڵک به تایبه‌ت لاوان و ژنان له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا، داهاتووی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی رووبه‌ڕووی مه‌ترسیه‌کی جیدی کردوه‌ته‌وه. کاره‌ساتی سه‌رچاوه‌گرتوو له قه‌یران و به‌رده‌وامیه‌که‌ی ده‌ریده‌خات که ئازاری هاوبه‌ش جیهانییه، بۆیه رۆژی کرێکار گونجاوترین رۆژه بۆ هاوارکردنی ئازاری هاوبه‌ش له‌م ساته‌وه‌خته مێژووییه‌دا.
حکومه‌تی کۆماری ئیسلامیش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وه‌ها قه‌یرانێک به تایبه‌ت گه‌مارۆی ئابوری، وه‌ک هه‌میشه پشتی به پاره‌ی زۆروزه‌به‌ندی نه‌وت و سه‌رکوتکردنی هه‌رجۆره ناڕه‌زایه‌تیه‌ک به‌ستووه. رژێم که ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره‌تری ساڵی 1388ی سه‌رکوت کردبوو، هیچ باکێکی نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی به درێژه‌دان به ده‌ستگیری و زیندانیکردنی رێبه‌رانی کرێکاری له په‌ره‌سه‌ندن و سه‌رتاسه‌ری بوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی جۆراوجۆری بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری رێگری بکات. به تایبه‌ت له فه‌زایه‌کدا که دوای سه‌رکوتکردنی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری1388و کاریگه‌ریه‌کانی قه‌یرانی ئابوری جیهانی له سه‌ر ئابوری ئێران له ئاستی کۆمه‌ڵگه‌دا پێکیهێنابوو زۆر که‌س وه‌ها بیریان ده‌کرده‌وه که گوایا» ئێستا کاتی هاتنه‌مه‌یدانی چینی کرێکاره». له کاتێکدا له هیچ سه‌رده‌مێکی فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا کرێکاران مه‌یدانیان چۆڵ نه‌کردووه.
روون و ئاشکرایه که ساڵی رابردووش خه‌باتی کرێکاران به‌رده‌وام بووه. خه‌بات له پێناوی به‌ده‌ستهێنانی مافی رێکخراوبوون، هه‌قده‌ستی دواخراو، یان خه‌بات له دژی ده‌ر‌کردنی کرێکاران، ئاستی نزمی هه‌قده‌سته‌کان و چه‌نده‌ها بێ مافی دیکه به‌رده‌وام بووه و حاڵه‌ته‌کانی له ساڵی رابردوودا نه‌ک هه‌ر که‌م نه‌بووه، به‌ڵکوو زیادیشی کردووه. ئه‌گه‌رچی قورسایی کاریگه‌ریه‌کانی قه‌یرانی ئابوری ناوخۆی ئێران و گه‌مارۆی ئابووری وڵاتانی خۆرئاوا و سیاسه‌تی دژه ئابوری ده‌وڵه‌ت له سه‌ر شانی ئه‌م چینه زیاتر له چین و توێژه‌کانی تر بووه. به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی بێ‌کاری ملیۆنی، دابه‌زینی به‌رده‌وامی ئاستی هه‌قده‌سته‌کان به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵاوسان، داخرانی به‌رده‌وامی یه‌که‌کانی به‌رهه‌مهێنان، گرانی، دابه‌زینی به‌های ریاڵ و هه‌مووی ئه‌مانه له سه‌ر شانی ئه‌م چینه قورسایی کردوه و سروشتییه که خه‌بات و خۆڕاگری له دژی وه‌ها دۆخێک به‌رده‌وام بێت، ئه‌گه‌ر چی به‌هۆی نه‌بوونی رێکخراوی سه‌ربه‌خۆ و سه‌رتاسه‌ری، یان پرژو بڵاوبوونی خه‌باتی کرێکاری، ئه‌م خه‌باته له ساڵی رابردووش‌دا که‌موکۆڕی بنه‌ڕه‌تی هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌و واتایه نییه که ئێمه له هه‌ڵسه‌نگاندنی توانای ئه‌و خه‌باته و زه‌رفیه‌تێک که بۆ کاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر تێکڕای کۆمه‌ڵگه و سیستمی سیاسی بوویه‌تی، په‌نا ببه‌ینه به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌ی ئابستراکت(ئینتزاعی) سه‌باره‌ت به رێکخراوبوون و سه‌ربه‌خۆیی و زاڵ بوون به سه‌ر پرژوبڵاویدا. پێکهێنانی رێکخراو یان نه‌هێشتنی پرژوبڵاوی وه‌کو کێشه‌یه‌ک ته‌نها ده‌توانێت ئه‌نجامی خودی خه‌بات بێت. به‌ڵام ئه‌مه خه‌باتێک نییه که له بۆشاییدا ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵکوو ئه‌مه خه‌باتێکه له ناخی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدایه به تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی خۆیه‌وه وسیستمی زاڵ به سه‌ر ئه‌مه‌دایه که پرۆسه‌ی رێکخراوبوونی لێده‌که‌وێته‌وه. خه‌باتی کرێکاران وه‌کو چینێکی سه‌ربه‌خۆ له گره‌وی تێگه‌یشتنی ئه‌م راستیه‌دایه وه‌کوو هێزێکی ناوخۆیی له وه‌ها کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا.
گومان له‌وه‌دا نییه که کرێکاران له ساڵی نوێشدا به سه‌رنجدان به تێکڕای دۆخه‌که، نه‌ک هه‌ر ده‌بێت دۆخێکی ناله‌باتر ته‌حه‌مول بکه‌ن، به‌ڵکو خه‌باتی خۆیان له دۆخێکی سیاسی ئاڵۆزتردا ببه‌نه پێش بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌نجامێکی لۆژیکی و ده‌سکه‌وتێکی پایه‌دارتری بگه‌یه‌نن. به تایبه‌ت به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌نجامه‌کانی گه‌مارۆی ئابووری، ناڕوونی هه‌لومه‌رج و داهاتووی سیاسی حکومه‌تی ئیسلامی، بێ به‌رنامه‌یی حکومه‌ت له بواری نه‌هێشتنی گرفتی ئابوری و سووربوونی له‌سه‌ر درێژه‌دان به سه‌رکوتکردنی هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی، کرێکاران ده‌بێت وشیارانه‌تر هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن. به‌ڵام به سه‌رنجدان به ئه‌زمون و گرفته‌کانی رابردوو له بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری ئێران‌دا ده‌بێت بوترێت هه‌ر جۆره پێشڕه‌وی و پێشکه‌وتنێک له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا بۆ باشترکردنی هه‌لومه‌رجی ئه‌م چینه، ته‌نها له گره‌وی هه‌ڵسه‌نگاندنی واقعبینانه له بارودۆخی چینی کرێکار له ئێران‌دا بۆ هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوی پته‌وتر له دۆخێکی مێژوویی دیاریکراودایه. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا مه‌سه‌له ته‌نها به‌دیهێنان یان به‌دینه‌هێنانی ئه‌م یان ئه‌و داخوازی نییه، به‌ڵکو پێکهێنانی زه‌مینه‌ی به‌ده‌ستهێنانی هه‌ر داخوازیه‌کی ڕه‌وایه له هه‌لومه‌رجی جۆراوجۆری مێژوویی‌دا.
روون و ئاشکرایه که پێکهێنانی هه‌ر رێکخراوێک به واتای زیادکردنی وه‌ها توانایه‌که، به‌ڵام گه‌رچی پێکهێنانی ئه‌م رێکخراوانه له گره‌وی ناسینی واقعبینانه‌ی هه‌لومه‌رج و چاک کردنی شێوازه‌کانی خه‌بات له‌م ساته مێژووییه‌دایه. به‌و هیوایه‌ی که مانگی ئایاری ئه‌مساڵ ده‌سپێکێکی نوێ بێت له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا.
کرێکاران له کوردستانی ئێران له ساڵی رابردوودا، وه‌ک هه‌میشه دۆخێکی ئه‌منیه‌تی سه‌خت تریان ته‌حه‌مول کرد. چالاکانی کرێکاری نه‌ک هه‌ر له ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی پۆلیسی و ده‌ستگیرکردندا بوون ، به‌ڵکو به به‌رده‌وامی له‌لایه‌ن ئۆرگانه سه‌رکوتکاره‌کانی رژێمه‌وه له به‌رده‌م تۆمه‌تی بێ بنه‌مای ئه‌منیه‌تیدابوون. کرێکاران له ساڵی رابردوودا به‌ده‌ر له بابه‌ته‌کانی سه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ بابه‌تێکی تایبه‌تی تردا زیاتر له ساڵانی تر رووبه‌ڕوو بوون و ئه‌زمونیان کرد. بوونی هه‌زاران کرێکاری کوردی ئێرانی له کوردستانی عێراق که له ساڵانی پێشووتره‌وه وه‌کو پرۆسه‌یه‌ک ده‌ستی پێ‌کردبوو، له ساڵی رابردوودا پێناسه‌ی راسته‌قینه‌ی زیاتر روونکرده‌وه. بوونی زۆرتری ئه‌وکرێکارانه له کوردستانی عێراق له‌لایه‌ک به واتای کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ک بۆ دۆزینه‌وه‌ی کاره، ئه‌ویش له دۆخێک‌دا که ئاماژه‌مان پێدا، به‌ڵام له‌لایه‌کی تره‌وه و به هۆکاری نه‌بوونی کار و پیشه‌ی واقعی له کوردستانی ئێران به واتای ملدانه به هه‌رجۆره بێمافیه‌کی تر له دۆخێکی دیکه‌دا. ئه‌وه‌ی که ئه‌و کرێکارانه له سه‌ره‌تای چونیانه‌وه بۆکوردستانی عێراق به ڕواڵه‌ت وه‌کو برا پێشوازیان لێده‌کرێت،به‌ڵام له کرده‌وه‌دا و له بازاڕی راسته‌قینه‌ی سه‌رمایه و سه‌رمایه‌داراندا وه‌کو کرێکاران بێ به‌شن له هه‌ر جۆره مافێک و ده‌بێت دۆخێکی کاری خراپتر قبوڵ بکه‌ن و مافی ناڕه‌زایی ده‌ربڕینیشیان نه‌بێت. چونکه لۆژیکی سود و قازانج په‌ره‌ستی وه‌کو تاقه پێوانه‌ی بازاڕی کار له هه‌ر شوێن و جێگایه‌ک سیمای قێزه‌ونی خۆی ده‌رده‌خات. ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه که به سه‌رنجدان به بارودۆخی ناله‌باری ئابوری له کوردستانی ئێران بووه‌ته راستیه‌کی ڕوو له گه‌شه ڕه‌هه‌ندی خه‌مناك تریشی هه‌یه. کرێکارانی کوردی ئێرانی که به هۆی نه‌بوونی کار له خودی ئێران و به‌تایبه‌ت کوردستانی ئێران ناچارن زیاتر له جاران کۆچ بکه‌ن، له‌م پرۆسه‌یه‌دا به ناچاری رووبه‌ڕووی کرێکارانی کوردی عێراقی ده‌کرێنه‌وه. چونکه به قبووڵکردنی هه‌قده‌ستی هه‌رزانتر به کرده‌وه ده‌بنه ڕه‌قیبی کرێکارانی کورد له‌وبه‌ری سنوور.
به‌و هیوایه‌ی که هه‌موو ڕۆژێکی کرێکاران هه‌وڵێک بێت له‌پێناو وشیاری زیاتری ئه‌م چینه و دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌ک بۆپێکهێنانی هاوپشتی چینایه‌تی له به‌رامبه‌ر سیستمی جیهانی سه‌رمایه و هه‌موو سه‌رمایه‌دارانێک که له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیاندا، ته‌نها بیر له به‌ده‌ستهێنانی سوود ده‌که‌نه‌وه.
بژی ڕۆژی کرێکار
بژی ئازادی
بژی سۆسیالیزم
06.02.1392